نەخۆشی پشیلە چیە؟
نەخۆشی پشیلە
toxoplasmosis infection
-لەوانەیە ئەو نەخۆشییەتان پێشتر بیستبێت، چونکە نەخۆشییەکی زۆر باوە، بەڵام دەزانن سەرچاوەکەی تەنھا پشیلە نییە!!! لەوانەیە وابیر بکەینەوە تەنیا تووشی ئافرەتان دەبێت!!! بەڵام لە راستی دا تووشی ھەردوو رەگەز دەبێت، نەخۆشی پشیلە تووشی ١/٣ دانیشتووانی جیھان دەبێت ،تۆکسۆپلاسمۆسس نەخۆشییەکی میکرۆبییە لە رێگەی مشەخۆرێکی بچووک تووشمان دەبێت بە ناوی toxoplasma gondii ، ئەم مشەخۆرە لە رێگەی ژمارەیەکی زۆر لە گیانەوەرە شیردەرەکان دەکرێ تووشمان ببێت بۆ نموونە :پشیلە-بزن-مەڕ-مانگا....ھتد، ھەروەھا ئاو و خۆراکی پیس بوو بە پاشماوەی ئەو گیانەوەرانە یاخود گۆشتێکی جوان نەکوڵاو رێگەی سەرەکین بۆ تووشبوون بەو مشەخۆرە، کە یەکێکە لە میکرۆبە ھەڵپەرستەکان ، لە لەشدا دەمێنێتەوە تاکو مرۆڤ تووشی نەخۆشیەک دەبێت یان بە ھەر جۆرێک کۆئەندامی بەرگری دابەزێت، ئینجا دەست بە ھێرش کردن دەکات، بوونی ئەم مشەخۆرە ھۆکارێکی سەرەکی لەبارچوونی منداڵە لە ئافرەتە دووگیانەکان،دەشکرێ منداڵەکە لە دایک ببێت و دواتر تووشی چەند نەخۆشییەکی درێژ خایەن ببێت، بە تایبەتی لە مێشک، بە رێژەیەکی زۆریش کاریگەری لەسەر ھەستی بینین ھەیە،لە ھەموو حاڵەتەکان نەخۆشی پشیلە ناگوازرێتەوە لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە، لە ١٠ دایکی تووشبوو ٤ یان نەخۆشیەکە بۆ منداڵ دەگوازنەوە، ھەروەھا بێجگە لە ئافرەتی دووگیان ، ھەموومان ئەگەری تووشبوونمان بەم نەخۆشیە زۆرە، ئەم مشەخۆرە گەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە لەشدا بمێنێتەوە دەتوانێت بگاتە مێشک و تووشی ھەوکردن و چەندین نەخۆشی تری مێشکمان بکات، لە وڵاتی ئەمریکا ٪١١ دانیشتووان ھەڵگری ئەو مشەخۆرەن، ھەروەھا ساڵانە نزیکەی ٢٠٠,٠٠٠ کەیسی نەخۆشی پشیلە تۆماردەکرێت لە سەرانسەری جیھان، دەرمان ھەیە بە کاردێت بۆ چارەسەر وەکو spiramycin کە بۆ ئافرەتی دووگیان بەکاردێت، بۆ چارەسەرکردنی کۆرپەی تووشبوو ھەروەھا بۆ ئەو کەسانەشی کە نەخۆشییەکان دەست بە دژواربوون دەکات pyrimethamine و sulfadiazine بۆ چارەسەر بە کاردێت، ھەروەھا دەکرێت مشەخۆرەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر لە رێگەی خوێن، چاندنی ئەندامەکان بگوازرێتەوە ، وەک ھەمیشە پاک و خاوێنی و کوتان بەرگری یەکەمن بەرامبەر میکرۆبەکان
.........

لێدوانەکانی بابەت